October 9, 2017

هه‌ولێر - پانێڵی کاردانه‌وه‌ و رێگاچاره‌کانی ، کێشه‌ی داخستنی فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان له‌گه‌ل حکومه‌تی عێراقدا

 
 
رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ 8-10-2017 له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێکخراوه‌ ناحکومیه‌کان له‌ شاری هه‌ولێر ، پانێڵی کاردانه‌وه‌ و رێگاچاره‌کانی ، کێشه‌ی داخستنی فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان له‌گه‌ل حکومه‌تی عێراقدا به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ڕێووه‌چوو که‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی فڕۆکه‌وانی بۆ په‌ره‌پێدانی فڕۆکه‌وانی رێکخرابوو .
له‌و پانێڵه‌دا به‌ڕێزان (ته‌لار فایه‌ق) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و  (ئومێد محه‌مه‌د ساڵح – وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن ) به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌ڕێز وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن (به‌وه‌کاله‌ت) به‌شداربوون .
سه‌رباره‌ت به‌ هه‌وڵه‌کانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتی راگرتنی گه‌شته‌کانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ردوو فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌رێم به‌ بڕیاری حکومه‌تی عێراقی ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد ، به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌ ناردنی نووسراو بۆ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی مه‌ده‌نی و رێکخستنی دیدار و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و کونسوڵی وڵاتان له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ هه‌مانکاتدا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌وڵه‌کانیان خستۆته‌گه‌ڕ .
هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی میکانیزمێکی گونجاو ، به‌ڵام به‌غدا ئاماده‌نیه‌ و ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌تدا بڕیاره‌که‌یان سیاسی یه‌ نه‌ک یاسایی و ته‌کنیکی .
هه‌روه‌ها ته‌لار فایه‌ق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندیه‌كانیان تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی و وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق، به‌ڵام هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك یان گۆڕانكاریه‌ك رووی نه‌داوه‌ بۆ ‌ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كان بۆ وڵاتانی تر و ته‌نها گه‌شته‌ ناوخۆییه‌کان به‌رده‌وامن .
له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێم چۆن ده‌توانن ده‌ستبکه‌نه‌وه‌ به‌ رێکخستنه‌وه‌و ئه‌نجامدانی گه‌شته‌کانی ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاند: هه‌رێمی کوردستان کۆدی تایبەت بە فرۆکەوانی نییە، چونکە لەرێکخراوی نێودەوڵەتی فرۆکەوانی ئەندام نین و نوێنەریشمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بۆیە سەرەتا دەبێت نوێنەرمان هەبێت، دواتر دەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی بۆ بدرێت کە لاریان نییە، ئنجا دەبین بە خاوەن کۆد و دواتر دەتوانین ئاسمانی خۆمانمان هەبێت، ئەوەش ماوەیەکی زۆری دەوێت و چەندین ساڵی پێویستە .
 

خوێنراوەتەوە: 29

     
Ministry of Transportation and Communications :: Kurdistan - Iraq
Iraq - Erbil - Kerkuk St . / Tel: +964 (0)66 223 4350