October 8, 2017

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌رێم ده‌نگۆی بڕینی هێڵی ئینته‌رنێت له‌سه‌ر شاره‌كانی عێراق ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

 
له‌ لێدوانێكیدا بۆ چه‌ند كه‌ناڵێكی ئاسمانی و میدیاكانی بیانی به‌ڕێز (مه‌ولود موراد محی الدین ) وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن (به‌ وه‌كاله‌ت ) رایگه‌یاند:
چه‌ند هه‌واڵێكی نا راست و ده‌نگۆیه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و گوایه‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیاری بڕینی هێڵی كێبڵی تیشكی (fiber optic cable) داوه‌ كه‌ به‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان تێده‌په‌ڕن و خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت بۆ به‌غدا وپارێزگاكانی تری عێراق دابین ده‌كه‌ن .
ئێمه‌ به‌ خه‌ڵكی به‌غدا و ته‌واوی شاره‌كانی تری عێراق راده‌گه‌یه‌نین و دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ : ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ راستی یه‌وه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیه‌كی هه‌ڵبه‌ستراوه‌و له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ هیچ بڕیار و نیازێكی وامان نیه‌ نه‌ له‌ ئێستاو نه‌ له‌ داهاتوودا، چونكه‌ ئه‌مانه‌ خزمه‌تگوزاریی مه‌ده‌نین و په‌یوه‌ستن به‌ ژیان و كاروباری رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌و تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌و گرفته‌ سیاسیه‌كانی ناكه‌ین  .
 
شایانی باسه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌شێك له‌ میدیاو سایته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی نا دروست و گوایه‌ و ئه‌و دوو هێڵه‌ی كێبڵی تیشكی كه‌ له‌ ئێران و توركیاوه‌ به‌ ناوخاكی هه‌رێمدا راكێشراون  و خزمه‌تگوزاری ئینتورنێت بۆ شاره‌كانی عێراق دابین ده‌كه‌ن ، هه‌رێمی كوردستان وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ سزاكانی به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمی  سه‌پاندووه‌ ، بڕیاری داوه‌ ئه‌و دوو هێڵه‌ بپچڕێنیت و تۆڕی ئینته‌رنێت له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق بوه‌ستێنێت و ئه‌مه‌ش دووره‌ له‌ راستی یه‌وه‌  .
 

خوێنراوەتەوە: 31

     
Ministry of Transportation and Communications :: Kurdistan - Iraq
Iraq - Erbil - Kerkuk St . / Tel: +964 (0)66 223 4350