October 2, 2017

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ چه‌ند هه‌وڵ و نهێنیه‌ك له‌سه‌ر داخستنی فرۆكه‌خانه‌كان ئاشكرا ده‌كات

 
 
محمد عمر كانی
دووشه‌ممه‌ 2017/10/2
 
له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی .
لەدیوانی وەزاەت مەولود مراد وه‌زیرای گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆکی دیوان پێشوازیانکرد لە بەڕێز د. محمد هاودیانی وەزیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و د.هۆگر غریب 
دوای بەخێر هاتن تاوتوێی دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستانیان كرد به‌تایبه‌ت له‌دوای پرۆسه‌ی گشتپرسی و بڕیاره‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و زیان و كێشانه‌ی به‌هۆی بڕیاره‌كانی به‌غداوه‌ روبه‌ڕوی هاوڵاتیان و گه‌شتیارانی هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌ .
مولود مراد، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: بڕیاره‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و ئیداری و كرداری نیه‌و بڕیارێكی سیاسیانه‌یه‌ .
محمد هاودیانی، وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیش نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر به‌و بڕیارانه‌ی به‌غداو هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی به‌پێویست زانی كه‌ به‌پێی تواناو پێویستی كاربكرێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گرفته‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان .
مولود مراد تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاشكرای كرد به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراقی تاوه‌كو هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕو ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بدۆزێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و بڕیاره‌كان بكشێندرێنه‌وه‌
ئاشكراشی كرد : راپۆرتێكی تایبه‌ت به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاوپه‌یمانان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌كانیش كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت .
وتیشی: یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ پێشتر به‌غدای ناڕه‌حه‌ت كردوه‌ بریتیه‌ له‌زیاتربونی ڕێژه‌ی گه‌شتیاری ساڵانه‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدای پایته‌ختی عێراق .

خوێنراوەتەوە: 86

     
Ministry of Transportation and Communications :: Kurdistan - Iraq
Iraq - Erbil - Kerkuk St . / Tel: +964 (0)66 223 4350